شیفت باشە یان خراپ؟

شیفت باشە یان خراپ؟


دیارە لە پیتچنینی هەر نووسراوەیەکدا ئێمە جارجارە کارمان بە کلیلی شیفت دەبێ. بەڵام ئەگەر نووسراوەکە بە زمانی کوردی بێت، جارجارە دەبێتە هەزاران جار و ئیدی دەستی پیاو ماندوو دەبێ. بەتایبەت بۆ بزرۆکەی (ە) (هێ).

لە بیرمە کتێبێکی زەلامیان لە مەهاباد بۆ هاوڕێیەک تایپ کردبوو، هێنابووی بۆ لای من کە لیزگەی ناوەکان (فهرست اعلام)ی بۆ دروست بکەم. دیتم بۆ هەر بزرۆکەیەکی (ە)، شیفتێک گیراوە. حیسابم کرد 210000 (دووسەت و دەهەزار) جار شیفت لێ دراوە. هەر لای کاکی نووسەر هێنام ئاڵ‌وگۆڕێکم لە تەختەکلیلدا دروست کرد. ئەو پیت‌چنە بەستەزمانە دەیتوانی بە 20000 (بیست هەزار) شیفت کارەکەی ڕاپەڕێنێ و 190000 شیفتی بۆ بمێنێتەوە.

برادەرانی کورد ئای‌تی گرووپیش لە سەر ئینتێرنێت بەرنامەیەکیان بڵاو کردۆتەوە کە پیتە کوردییەکان دەچنە سەر پیتە ئینگلیسییەکان بۆ نموونە بە لێدانی (F) دەنووسی (ف). بەڵام ئەم بەرنامەیەش دەبێ ئەوەندەی شیفت بۆ بگری لە شان و قۆڵ دەکەوی.

بۆ ڕزگار بوون لە دەست شیفت، من بەرنامەیەکم پێ شک دێ بە ناوی kayboard layout manager کە لە پۆستێکدا بە ناوی (یونیکورد دێوەزمە نییە) بە تەواوی باسم کردووە. بە دابەستنی ئەم بەرنامەیە تەنیا بۆ (نیوەمەودا) شیفتت دەوێ. ئیدی لە هیچ جێگایەکی دیکەدا کارت بە شیفت نابێ و خودا بتحەسێنێتەوە.

جا ئێستاکە خۆتان بڵێن: شیفت باشە یان خراپ؟

بازاڕی قەباغکەندیی فۆنتی کوردی

هەموو جۆرە فۆنتێکی کوردی لێرەدا هەیە.

ئەو فۆنتانەی ئێستاکە زۆرتر کەڵکیان لێ وەردەگیرێ، بریتین لە

1. یونیکوردەکان: فۆنتێکی ئیستاندارد و جیهانین و لە کاتی گۆڕینی فایلێکدا هیچ گۆڕانکارییەک بە سەر پیتەکاندا نایەت. ئەو فۆنتانەی خۆشم دروستم کردوون، هەر بە پێی ئیستانداردی یونیکوردە و لێرەدا کەم‌وکووڕییەکانی فۆنتەکانی پێشوو لابراوە.

2. کادیلانەکان: بە پێی تەختەکلیلی فارسی ساز کراون بۆیە زۆرتر لە کوردستانی ڕۆژهەڵات برەوی هەیە.

3. عەلی کایەکان: لە سەر تەختەکلیلی عەڕەبی ساز کراون بۆیە زۆرتر لە کوردستانی باشوور کەڵکی لێ وەردەگرن.

پێشنیارێک: بۆ ئەوەی هەموومان یەک‌ڕەنگ و یەک‌دەست و یەک‌گرتوو بین (ئیشەڵڵا) پێشنیاری من ئەوەیە هەموومان لە فۆنتە یونیکوردەکان کەڵک وەربگرین.

____________________________________________

بۆ داگرتنی فۆنتەکان کلیک لە سەر ناکەوەیان بکەن:

_______________________________________

فۆنتی یونیکورد فۆنتێکی ئیستانداردی کوردییە

فۆنتی شاسەنەم (یونیکوردە) فۆنتێکی ئیستانداردی کوردییە

فۆنتی کادیلانی نوێ:بۆ سەر تەختەکلیلی فارسی دروست کراوە.

فۆنتی کادیلانی پێشوو:هەر کاری پێ نەکەن باشترە، هێندە پیتەکان خراپ چندراون.

فۆنتی عەلی کا: بۆ سەر تەختەکلیلی عەرەبی ساز کراوە.

فۆنتی زانست:بۆ تەختەکلیلی عەرەبی دەبێ.

فۆنتی میدیا:لەگەڵ تەختەکلیلی فارسی جووتە.

فۆنتی نامۆ (ئاوێستایی):بۆ نووسین بە ڕێنووسی ئاوێستایی ساز کراوە

فۆنتی چرۆ:

هەنبانە بۆرینە


هەنبانە بۆرینە

ئەم بەرنامەیە فەرهەنگی هەنبانە بۆرینەی مامۆستا هەژارە کە بۆ کامپیۆتێر ساز کراوە.

بۆ داگرتنی فایلەکە ئـــێــــرە کلیک بکەن.